رێباز حه‌ملان: به په‌سندكردنی پڕوژه یاسای چاكسازى ده‌ستكاریی پاشه‌كه‌وتى مووچه ده‌كرێت
رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی وئابووری له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر پرۆژه یاساى چاكسازى، كه ئێستا له په‌رله‌مانی كوردستانه، وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرێت، ده‌بێته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كى زۆرى به‌فیرۆچوو ودهستكاریكردن له سیسته‌مى پاشكه‌وتى مووچه كه له به‌رژه‌وه‌ندى مووچه‌خۆران ده‌بێت. له‌به‌ر مادده‌ى سێیه‌م كه تایبه‌ته به مووچه وخانهنیشنى پله باڵاكان پرۆژه یاساكه گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان.
وه‌زیری دارایی وئابووری گوتی، "ئێمه له حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان به پێى یاساى ژماره 9 ساڵى 2014 بۆ په‌رله‌مان نارد به جۆرێك كه ئه‌و كه‌سانه‌ى خزمه‌تى وه‌زیفیان له پانزه ساڵ كه‌متر بێت و ته‌مه‌نیان له په‌نجا ساڵ كه‌متر بێت خانه‌نیشن نه‌كرێن. ئه‌و مادده‌یه دادپه‌روه‌رییه‌كی زۆر باشى تێدابوو. ئێستاش داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پڕۆژه یاسایه په‌سند و كارى پێ بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ى زیاد له مووچه‌یه‌كیان هه‌یه كه به پێێ یاسا رێك نه‌خراون، رێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت."
هه‌روه‌ها گوتی، "له ناو پڕۆژه یاساى چاكسازى باس له مووچه، ده‌رماڵه، به‌خشین وئمتیازاتهكانى دیكه كراوه. هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ئه‌ژمارێكى بانكى بۆ ده‌كرێته‌وه و ئه‌و ئیلتزاماته ماددیه‌ى هه‌یه بۆى ده‌خرێته سه‌ر ئه‌ژماره بانكییه‌كه كه ده‌كرێت بۆ زۆر بواری دیكه‌ش به كار بهێنرێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندى نێوان حكومه‌ت و مووچه‌خۆران."
له‌باره‌ی بڕیاری راگرتنی پله به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران وچۆنییه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه به‌ر ئه‌و رێنماییه كه‌وتوون، رێباز حه‌ملان گوتی "پاڵپشت به بڕیارى ئەنجومه‌نى وه‌زیران ژماره 56 له 21/12/2015، له‌سه‌ر بنه‌ماكانى ئه‌حكامى بڕگه (1/أ) له مادده‌ى (19) له یاسایى راژه‌ى شارستانى ژماره (24) ساڵى 1960 هه‌مواركراو بڕیار دراوه كه هیچ پله به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانى پله وه‌زیفییه گشتیه‌كان له هه‌رێم تا په‌سندكردنى بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌درێت. له هه‌ر كاتێك كه حكومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى په‌سندكراوى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌بوو، پله به‌رزكردنه‌وه ئاسایى ده‌بێته‌وه وله‌باره‌ی قهرهبوكردنهوهكهشی ئه‌وكات له چوارچێوه‌ى یاسای كارپێكراوه‌كان بڕیارى له‌سه‌رده‌درێت."
رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی
دەربارەی رێكه‌وتنی ئێستای حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به ناردنی مانگانه بڕێك پاره بۆ هه‌رێم بۆ مووچه‌خۆران، وه‌زیری دارایی و ئابووری گوتی، "ئەم رێکەوتنە ده‌رئه‌نجامی ده‌ورى گرنگى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم وسه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوو وله به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دایه."
وه‌زیری دارایی به ئاماژه‌پێدان به‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری مووچه بۆ كه‌رتی ئه‌منی وسه‌ربازی ده‌چێت گوتی له سه‌دا 70ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ر دوو كه‌رتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه. لێبرینهكان (پاشه‌كه‌وت) له هه‌ردوو كه‌رت به شێوه‌یه‌كی جیاوازن.
وه‌زیری دارایی وئابووری گوتی، پاش ئه‌وه‌ی مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان وزیندانیانى سیاسى ده‌خرێته سه‌ر بودجه‌ى سیادى عێراق، نزیكه‌ی 38 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌رێته‌وه.
داهاتی ناوخۆ و نه‌وت و دابەشکردنی
له باره‌ی داهاتی ناوخۆ و نه‌وت، رێباز حه‌ملان گوتی داهاتى ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دیناره، كه كردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم وده‌روازه سنوورییه‌كانی داخراو كاریگه‌رى زۆرى له سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆیی هه‌یه.
وتیشی داهاتی نه‌وت مانگانه گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت وهه‌رێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وت هه‌نارده ده‌كات ومانگانه 378 ملیار دینار دێته وه‌زارتی داراییه‌وه.
هەروەها ده‌رباره‌ی سندووقی داهاتی نه‌وت، وه‌زیری دارایی گوتی کە له په‌رله‌مانی كوردستان یاساى تایبه‌تى بۆ ده‌رچووه و ماوه‌ته‌وه حكومه‌تى هه‌رێم په‌یڕه‌وێكى بۆ دابنێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چۆته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
وه‌زیری دارایی سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی داهات بۆ بواره جیاوازه‌كانی مووچه، وه‌به‌رهێنان، خه‌رجى داموده‌زگاكانى حكومه‌ت وقهرزهكانی، گوتی له سه‌دا 35ی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە وهەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایه و له سه‌دا 65 بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت.
لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ ونەوت دوای ده‌رچوونی خەرجییه‌كان وله‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه پارەیه‌ی مانگانە له حكومەتی فیدرالی بۆ هه‌رێم دێت، نزیكەی له سه‌دا 83 بۆ پێدانی مووچە ته‌رخان ده‌كرێت.
له سه‌دا پێنج بۆ خه‌رجی پێشینه‌كانی داموده‌زگاكان وله سه‌دا هه‌شت بۆ خه‌رجی كه‌لوپه‌لی خزمه‌تگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و له سه‌دا چواریش بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ته‌رخان ده‌كرێت.
شه‌فافییه‌ت له داهات
وه‌زیری دارایی وئابووری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه داهاتی حكومه‌ت له دوو جه‌مسه‌ره‌وه وردبینی بۆ ده‌كرێت، "یه‌كێكیان له‌سه‌ر ئاستى نه‌وته كه كۆمپانیاى دیلۆیت پێداچوونه‌وه‌و ورودبینى به سه‌رجه‌م كه‌رتی نه‌وت ده‌كات له هێنانه‌وه وسهرفكردنى پاره‌كه. بۆ داهات وخه‌رجییه‌كانی ساڵى 2017 زۆربه‌ى كاره‌كانی ته‌واو بووه و وردبینى له داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵى 2018 وساڵانى رابردووش ده‌كات. جه‌مسه‌رى دووه‌میش له وه‌زاره‌تى دارایى وئابوورییه. كۆمپانیاى ئینڤێنتس پێداچوونه‌وه به خه‌رجى وداهاته نانه‌وتییه‌كانی حكومه‌ت ده‌كات. وردبینى له‌وه‌ش ده‌كات كه چۆن داهات زیاتر بكرێت به مه‌رجێك كه كاریگه‌رى به‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌ژار وچینى خواره‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه ده‌بێت، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه سیسته‌مێكى داتا به‌یس دروست ده‌كات و سه‌رجه‌م داهات وخه‌رجییه‌كان تێدا روون ده‌كرێته‌وه."
گوتیشی، گومرگه‌كان "به ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێن و ئێستا كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان ده‌كه‌ین وهه‌ر خه‌رجییه‌ك ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت ناهێڵین و بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره فیرودانێك له وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ریه‌ك له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى ودیوانى چاودێرى دارایى له‌گه‌ڵمانن وتا ئێستا به پشتیوانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پاره‌یه‌كی زۆریشمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه."
باج
له باره‌ی سه‌پاندنى باج به سه‌ر داهاتى تاكه كه‌س وكۆمپانیاكان، ئاماژه‌ی به‌وه دا کە له هه‌رێمی كوردستان باج له‌سه‌ر داهاتی تاكه‌كه‌س وكۆمپانیاكان به پێی یاسای ژماره ٢٠ی ساڵی ٢٠١١ هه‌مواركراوی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كراوه، به جۆرێك هه‌ر كارمه‌ندێك له كه‌رتی حكومی یان تایبه‌ت كاربكات ومووچهكهی له ملیۆنێك دینار زیاتر بێت پێویسته به رێژه‌ی له سه‌دا پێنج باج بدات، به‌ڵام تا ئێستا كارى پێنه‌كراوه و رێژه‌كه‌ی له حكومه‌تی هه‌رێم له به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر كه‌متره، به جۆرێك له حكومه‌تى فیدراڵ ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك مووچه‌كه‌ى له 210 هه‌زار دینار به‌سه‌ره‌وه بێت، ئه‌وا له سه‌دا پێنج باج ده‌خرێته سه‌ر مووچه‌كه‌ی.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به باجی كۆمپانیاكانیش، گوتی له سه‌دا 15 قازانجی كۆمپانیاكان باجی ده‌خرێته سه‌ر كه به پێی یاسای ١١٣ ساڵی ١٩٨٢ هاوشێوه‌ی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.
بانك
سه‌بارت به چاکسازی دارایی وبانكی وئاسته‌نگ وده‌ستكه‌وته‌كانی گوتی، 88 بانكی گشتی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌كه‌یان، پێشخستن و ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی ناوخۆیی وده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتووین.
وه‌زیری دارایی له‌باره‌ی لاوازی سیسته‌می بانكی له هه‌رێمی كوردستان وهه‌وڵه‌كانی بۆ گێڕانی رۆڵی خۆی له مامه‌ڵه داراییه‌كان ونه‌هێشتنى پاره‌ى كاش له بازاڕ وگهڕانهوهى پاره بۆ بانك ئاماژه‌ی به‌وه دا له وڵاتانی پێشکەوتوودا له سه‌دا 80 مامه‌ڵه به سیسته‌مى بانكییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له عێراق وهه‌رێمى كوردستان له سه‌دا 100 به پاره‌ى كاش مامه‌ڵه ده‌كرێت وبه هۆیه‌وه به به‌رده‌وامی كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه وخۆ دزینه‌وه له باج دروست ده‌بێت. له كاتێكدا ئه‌گه‌ر به كارت بێت ئه‌وا حكومه‌ت ده‌زانێت داهاتى فرۆشیاره‌كان چه‌نده و ده‌توانێت سیستمى باج رێك بخات وكۆنتڕۆڵی باجى كۆمپانیاكان بكرێت. ئێستا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ رێكخستنی ئه‌م بواره‌یه له رێگه‌ى سیسته‌مى كارته‌وه بێت.
بایۆمه‌تری
رێباز حه‌ملان رۆڵی بایۆمه‌تری بۆ پێدانى مووچه به كارتى ئه‌لكترۆنى وبهڕێوهبردنى كه‌رتى دارایى وبانكى گرنگ ده‌نرخێنێت كه به هۆیه‌وه "به‌شێكى زۆری له‌و كه‌موكوڕییه شاراوانه‌ى هه‌بوون ئاشكرا كراون. بۆنمونه دوو مووچه‌یى ویا ناوى وه‌همى ئاشكرا كراوه، حكومه‌تى هه‌رێم به بوونی سیسته‌می بایۆمه‌ترییه‌وه، زانیارى ورد له‌سه‌ر مووچه‌خۆر وخانه‌نشینان هه‌یه، بایۆمه‌ترى سیسته‌مێكى پێشكه‌وتوه وكارى پێده‌كرێت."
پێشینه
له باره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه بۆ كارى به‌رهه‌مهێنان، هاوسه‌رگیرى وخانوبه‌ره، وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له ساڵانى رابردوو 13 بۆ 14 ملیار دۆلار له به‌غداوه بۆ هه‌رێم هاتووه. كاتێك بودجه زۆر بووه وبه‌شى مووچه وخه‌رجى وپڕۆژه‌كان كردووه ودراوه به‌و پێشینانه‌ش. هه‌ر كاتێك بودجه‌ى هه‌رێم وه‌ك خۆى لێهاته‌وه، ئه‌و پێشینانه‌ش ده‌درێنه‌وه.
سندووقی خانه‌نشینی
هەروەها گوتی، "سندوقى خانه‌نیشنى له پڕۆژه یاساى چاكسازى به وردى باسكراوه وپێویسته له سه‌دا 100 جێبه‌جێ بكرێت. جیاوازى ئێمه وبه‌غدا له نه‌بوونى ئه‌و سندووقه‌یه، له به‌غدا هه‌یه وله هه‌رێم نییه. ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌غدا به به‌رده‌وامی ده‌ڵێت ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم زیاتره، چونكه ئه‌گه‌ر سندوقى خانه‌نیشى هه‌بێت، پێویست ناكات پاره‌ى دیكه بۆ خانه‌نشینان ته‌رخان بكرێت، چونکە له پاره‌ى سندوقه‌كه ده‌درێت."
ده‌روازه سنوورییه‌كان
سه‌باره‌ت به ده‌روازه سنوورییه‌كان، وەزیری دارایی وئابووری گوتی، "رێككه‌وتن كراوه كه میلاكات سه‌ر به به‌غدا بن به هه‌مان كارمه‌نده‌كانی ئێستاوه. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا بۆ یه‌كخستنی گومرگ له ده‌روازه سنورییه‌كان و فروكه‌خانه‌كان، پێناسه و رێنمایی گومرگی، لابردنی خاله‌كانی گومرگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری كردنی یه‌كتر رێككه‌وتن كراوه و دواى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه بواری جێبه‌جێكردن."
إرسال تعليق